دەربارەی ڕێکخراو

ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ دوای قۆناغێکی سەخت لە کوردستان لە سەردەستی سەرۆک مام جەلال دامەزراوە، وەک پێویستییەک بۆ کۆکردنەوەی لاوانی کورد لەژێر چەترێکی نیشتمانی

لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ڕێکخراوەکە گرنگی بە چەندین بواری جیاواز داوە وەک پەروەردە، ڕۆشنبیری، وەرزش و چالاکی کۆمەڵایەتی، بە ئامانجی پەرەپێدانی توانای لاوان و چەسپاندنی بەهاکانی ئازادی و یەکسانی. لە ماوەی ڕابردوودا، ڕێکخراوەکە توانیویەتی ببێتە ئەندامی یەکێتی نێودەوڵەتی لاوانی سۆسیالیست (IUSY) و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی لاوانی نێودەوڵەتی دروست بکات.ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان بەردەوامە لە خەباتی بۆ دابینکردنی دەرفەتی باشتر بۆ لاوان، بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڵاواردنێک، پشتگیریکردنی داهێنانی لاوان، و بەرزکردنەوەی دەنگی لاوان لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان لە کوردستاندا. ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکە بریتییە لە دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار و خاوەن کەسایەتی سەربەخۆ کە بتوانێت بەشداری کاریگەر لە بنیاتنانی کۆمەڵگای مەدەنی بکات، هەروەها پاراستنی ناسنامەی کوردی و کەلتوری نەتەوەیی، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی لاوان، و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە سەرەکییەکانی لاوان وەک بێکاری، کۆچ، و پەراوێزخستن. ڕێکخراوەکە هەوڵ دەدات پردێک بێت لە نێوان لاوانی کوردستان و جیهان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بەها هاوبەشەکان.


بەهاکانی ڕێکخراو

ئازادیی:

ئازادی بنەمای سەرەکی مرۆڤایەتییە و مافێکی سروشتی هەموو کەسێکە. ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لاوان پێویستیان بە ژینگەیەکی ئازادە بۆ گەشەکردن و داهێنان، دوور لە سانسۆر و کۆت و بەند. ئازادی بیروڕا، دەربڕین، هەڵبژاردن و بڕیاردان لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا بنەمای کاری ڕێکخراوەکەیە، لەپێناو دروستکردنی کۆمەڵگایەکی کراوە و پێشکەوتوو.

چونیەکی:

چونیەکی (یەکسانی) واتای بەهای یەکسانی هەموو مرۆڤێک دەگەیەنێت، بەبێ جیاوازی ڕەگەز، ئایین، نەتەوە، یان پێگەی کۆمەڵایەتی. ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان بۆ دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لاوان کاردەکات، بەتایبەت ئەوانەی کە پەراوێز خراون. یەکسانی لە مافەکان، دەرفەتەکان، و ڕێزگرتن بنەمای کۆمەڵگایەکی دادپەروەرە کە ڕێکخراوەکە هەوڵ بۆ بنیاتنانی دەدات.

چالاکی:

چالاکی ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی بەردەوام و کاریگەری لاوانە لە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان هانی لاوان دەدات بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە بڕیاردان و ڕێکخستنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا. چالاکی بەواتای تێپەڕاندنی قۆناغی چاوەڕوانی و دەستپێشخەری کردنە بۆ دروستکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لاوان پێویستیان پێیەتی، لە ڕێگەی بەشداری، هاوکاری و دەنگهەڵبڕین.