ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان، بە ڕۆحیەتێکی لاوانەو پڕ ئومێدەوە یادی ڕاپەڕینی پڕشکۆی گەلی کوردستان دەکاتەوە و سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدەکانمان دادەنەوێنین، لاوان وەک هەمیشە ورەی بەرز و بازووی پۆڵاین بوون بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینی گەل، لە خەباتی شاخ هەڵۆی بەرزەفڕ و دوای ڕاپەڕینیش بەبیری پێشکەوتنخوازەوە سەرمەشقی بەرەوپێشچون و ئاوەدانکردنەوەی ووڵاتبوون، بۆیە ئێستاش بەهەمان ڕۆحیەتی ئەو سەردەمەوە لاوان سەرمەشقی گۆڕانکاری و چاکسازین، خەباتکاری ڕێگای سەربەخۆی و بەدەست هێنانی ئامانجەکانی ڕاپەڕینن، هەر لاوانن پارێزەری دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین.

هەر لە ساڵیادی ڕاپەڕین، ئومێدەوارین گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی گەلی کوردمان بێت لە هەموو پارچەکانی تری کوردستان و ئاشتی و ئارامی باڵبکێشێت بەسەر ناوچەکەدا، وە هیوادارین لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بە لاوان و توانا و بەهرەی لەبن نەهاتووی لاوان بدرێ و دەرفەتی کاری زیاتر لە ناوەخۆ بۆ لاوان بڕەخسێندرێت، هەوڵی کەمکردنەوەی کۆچکردنی لاوان بۆ دەرەوەی ووڵات بدرێت.