٢٧ەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان پیرۆز بێت
کوردستانییانی ئازیز
لاوان ، کچان و کوڕانی کورد

لە ٢٧ەمین ساڵۆڕژی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستاندا، بە سەربەرزی و شانازییەوە یادی ڕێکخراوەکەمان دەکەینەوە، لەم ڕۆژە تەنیا یادی بۆنەیەک ناکەینەوە، بەڵکو یادی ڕێکخراوێک دەکەینەوە کە جەنابی مام جەلال ٢٧ ساڵ لەمەوبەر وەک دیارییەک پێشکەشیکرد بە لاوانی کوردستان.
٢٧ساڵە ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان بووەتە جێگەی ئومێدی لاوانی کوردستان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان و وەک سەنگەرێک بۆ بیرکردنەوە، هۆشیاری نەتەوەیی، یەکگرتووی لاوانی کورد و خەباتی بەردەوام ماوەتەوە.
لاوانی کوردستان هەمیشە پایەیەکی سەرەکیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بوون؛ لەکاتی شۆڕش و سەرهەڵداندا، لە خەباتی سیاسی و فەرهەنگیدا و لە پاراستن و گەشەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیدا ڕۆڵی گرنگ و نەگۆڕیان گێڕاوە.
لە کاتێکدا کە گەلەکەمان هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ بەدەستهێنانى مافەڕەواکان، ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ بیرکردنەوە، ئامادەکردنی نەوەی نوێ و پاراستنی داهاتوو کاردەکات. لەو ڕوانگەیەشەوە توانیویەتیی دەنگی لاوانی کورد بێت لە بە جیهانیکردنی پرسی کوردستان و مافەکانى.
لە ئێستادا لاوانی کوردستان پێویستیان بە هاوکاری هەیە بۆ ئەوەی پاڵپشتی تواناکانیان بکرێت، بە گرنگییەوە سەیری بیرۆکەکانیان بکرێت، گرنگی بە لێهاتووییەکانیان بدرێت و پاڵپشتی ماددیی و مەعنەوییان بین بۆ ئەوەی هەموو توانای خۆیان بخەنە خزمەتی نەتەوە و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان. لەم سۆنگەیەوە ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانی لاوانی لێهاتوو بووە و بە گرنگییەوە پشتیوانی بیرۆکەکانیانی کردووە و هاوکاریان بووە تا زیاتر پەرە بە توانا و لێهاتوویی و بیرۆکە داهێنەرانەکەیان بدرێت و ڕێکخراوەکەمان بەردەوام دید و پەیامى نوێدەکاتەوە بۆ گونجانى کارى ڕێکخراوەیى لە ئێستا و ئایندەدا.
لە کۆتاییشدا دووبارە پیرۆزبایی ٢٧ەهەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان لە هەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان و لاوان و کچان و کوڕانی کوردستان دەکەین.

بەهیوای بەدیهاتنی خەون و ئاواتی لەمێژینەی لاوانی کورد و گەلەکەمان .

ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان
٢٦-٥-٢٠٢٦