لە ڕۆژی جیهانی لاواندا ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم لاوانی جیهان و کوردستان بەتایبەتی دەکات.
ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان وەکو ڕێکخراوێکی چالاک و دانەبڕوا لە لاوان، لەوکاتەوەی دامەزراوە بێوچان خزمەتی کردوە و خەمی لاوانی کردۆتە کۆڵ و بەردەوام لەو پێناوەدا جەنگاوە بۆ بەدەستهێنانی مافی لاوان و خزمەتکردنیان لەڕێگەی یاسایی و ئەنجامدانی چەندین چالاکی جۆراو جۆر.
بۆیە لەم ڕۆژەدا هەمدیسان بەڵێنی بەردەوامی و خزمەتکردن بەدیدگا و بەرنامەی نوێوە دەدەین و دەبینە دەنگ و ڕەنگی لاوانی هەموو ناوچەکانی کوردستان بێ جیاوازی لە سۆران و بادینان و گەرمیانەوە، ئێمە بە درووشمی ئازادی، چونیەکی، چالاکی، پێمان وایە لاوی سەردەم پێداویستی هاوچەرخی دەوێ و دەبێ هاوشانی گۆڕانکاریە خێرکانی ئەو سەردەمە دەرفەت و کاری شایستە بۆ لاوان فەراهەم بکەین و هاوشانیان بۆ هاندان بوەستین.
ئێمە لە ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ خزمەتکردنی لاوانی کوردستان لە پێشینەی کارەکانی بێت و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێنێت لە شارە گەورەکان و شارەکانی تریش، یەکسانی پەیڕەوبکات لە ڕێگەی ئاسانکاری و کردنەوەی کارگەی جۆراو جۆر لەو شارە بچوکانە تا لاوانی ئەو ناوچانەش بتوانن دەرفەتی کاری گونجاو بەدەست بهێنن.
ئێمە کاردەکەین تاوەکو لەم خولەی پەرلەماندا بۆ هاوکاری و کارئاسانی لاوان پڕۆژە یاسای گونجاو بۆ بەردەوامیدان بە قەرزی بچوک و قەرزی خوێندن و قەرزی جۆراو جۆر، پێشکەش بە پەرلەمان بکەین، تاوەکو لاوان بتوانن خەونەکانیان بکەن بەڕاستی و پڕۆژەکانیان بخەنەسەرپێ و هەلیکاری تریش بڕەخسێنن.
ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان
١٢/٨/٢٠٢٥
_________________
١٢/٨ ی هەمووساڵێک بە ڕۆژی جیهانی لاوان ناسێنراوە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، هەمووساڵێ لەم ڕۆژەدا لەسەرتاسەری جیهاندا ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی لاوان بۆنەو سیمیناری جۆراو جۆر گرێدەدەن تاوەکو کێشەکانی لاوان بخەنە بەرباس و گفتوگۆ، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو و مامناوەند بدۆزنەوە بەتایبەتی لە ڕووی کێشەی بێکاری و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکان.
