لە درێژەی سەردانەکەیان بۆ باشووری کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی کۆردناسیۆنی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستانیان کرد، لە شاری سلێمانی و لە گەڵ جێگری سکرتێر کۆبوونەوە دا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی کاروچالاکی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان و کارەکانی کۆردناسیۆنی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ڕابردوودا کراو ڕۆڵی کارکردنی پێکەوەی بە گرنگ زانرا، هەروەها ئەو ئاستەنگییانەی ڕوووبەڕوی لاوان و گەنجان دەبنەوە بە تایبەت لە باشوری کوردستان و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ڕوودەدەن و ڕۆڵ و پێگەی گەنجان لەم بارودخەدا.

هەر لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا، بڕیاردرا بە بەرفراوانی دەرئەنجامی کۆنفراسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە هاوبەشی کاری لەسەر بکرێت و گەنجان ببنە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگە و هەوڵ و ڕۆڵی ژنان لەبەرچاو بگیرێت و ژنان بەشداری کارو خەبات ببن، دەرئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوانە بکرێتە کۆبوونەوەیەکی گشتی نێوان هەموو ڕێکخراوەکانی بەشدار لە کۆنفراسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی ڕێوڕێبازی کارو خەبات بۆ داهاتوو دابنرێت و پەرەبدرێت بە ڕۆڵی لاوان و گەنجان لە گشت کایەکانی کۆمەڵگادا، هەروەها ئەو بارودۆخە خراپەی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە قوربانی سەرەکی لاوان و گەنجانن و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ لاوان فەراهەم بکەن مادەی هۆشبەر و کۆچی نایاسایی کاریگەری قوڵی لەسەر ژیانی لاوان داناوە.

Categories: هەواڵ