ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بۆ هەموو گەلانی جیهان بۆنەیەکی گرنگە بۆ بیرکردنەوە لە مانای زمان و ڕۆڵی سەرەکیی لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، مێژوو و کەلتوور، ئێمە لە ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان، لەم ڕۆژە هەست بە بەرپرسیاری گەورەی سەرشانمان دەکەین بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی، کە بنەمای بوون و یەکگرتوویی گەلەکەمانە.
زمانی کوردی تەنها ئامرازێکی قسەکردن نییە، بەڵکوو ئامرازی بیرکردنەوە، داهێنان، ئەدەب و هاوبەشیی کۆمەڵایەتییە، هەر کاتێک زمان لاواز دەبێت، ناسنامە و مێژوومان دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە پاراستنی زمانی کوردی ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقیە، کە پێویستی بە هاوکاریی هەمووان هەیە، بە تایبەتی لاوان و خوێندکاران و ڕووناکبیران.
لەم ڕۆژەدا داواکارین لەهەموو ئاخێوەرانی زمانی شیرینی کوردیمان بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەموو بوارەکاندا، وەک قوتابخانە، زانکۆ، میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرجەم کایە زانستیەکان، تاوەکو زمانی کوردیش هاوشانی زمانە زیندوەکانی جیهان لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا لە چەمک و ناوەڕۆکدا بەردەوامبێت لەگەشەکردن.
لەم ڕۆژەدا، پەیمان دەدەین کە زمانی کوردی بپارێزین و نەوەکانمان فێربکەین بۆ خۆشویستنی زمان و خاک و نەتەوە، چونکە پاراستنی زمان، پاراستنی بوونمانە.
ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان
٢١/٢/٢٠٢٦
#InternationalMotherLanguageDay
