یەکێتی نێونەتەوەیی لاوانی سۆشیالیست پشتیوانی دەردەبڕێت بۆ گەلی کورد، کاتێک یادی ٣٧ ساڵەی جینۆسایدی هەڵەبجە دەکەینەوە.
لە ١٦ی مارسی ١٩٨٨، ڕژێمی بەعسی سەدام حوسێن تاوانێکی قێزەونی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدا
بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بۆ کوشتنی زیاتر لە ٥٠٠٠ هاوڵاتی کوردی بێتاوان، لە ناویاندا ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان.ئەم جینۆسایدە بەشێک بوو لە هەڵمەتی بەرفراوانتری ئەنفال، کە مەبەستی لەناوبردنی هاوڵاتیانی کورد بوو لە عێراق.
جینۆسایدی هەڵەبجە برینێکی ساڕێژنەبوە لە یادەوەری بەکۆمەڵی گەلی کورددا و کاریگەرییەکەی تا ئەمڕۆش هەستی پێدەکرێت.هەزاران کەسی ڕزگاربوو بەردەوام ئازار دەچێژن بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە ، ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی هێرشی کیمیاوی دروست بووە ، چەندین کاریگەریی بەجێهێشتووە کە دەستەویەخەی دەرئەنجامەکانین، سەرەڕای ئەوەی ئەم تاوانە لە جیهاندا ناسراوە، بەڵام دادپەروەری بۆ قوربانییان و ڕزگاربووان هێشتا بەتەواوی بەدینەهاتووە.
وەک میراتگری یاسایی ڕژێمی سەدام حوسێن، حکومەتی ئێستای عێراق بەرپرسیارێتی تەواوی هەیە بۆ دانپێدانان بە جینۆسایدی هەڵەبجە و دڵنیابوون لە دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانی. دەوڵەتی عێراق دەبێت بە فەرمی دان بنێت بە جینۆسایدەکە، بەرپرسانی ئەم تاوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، و هەنگاوی کرداری بنێت بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی گەلی کورد، بە جۆرێک قەرەبو بکرێنەوە کە دڵنیایی مافی سیاسی و ئابووری تەواو دەستەبەر بکرێت، و پابەندبوون بە داهاتوویەک کە تێیدا تاوانی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە.
یەکێتی نێونەتەوەیی لاوانی سۆشیالیست داوا لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوی کرداری بنێن بەرەو دادپەروەری. دەبێت جینۆسایدی هەڵەبجە بە فەرمی لەسەر هەموو ئاستەکان دانی پێدابنرێت و هەنگاوی واتادار بنرێت بۆ پشتگیریکردنی ڕزگاربووان و خێزانەکانیان، هەروەها داوا لە دامەزراوە جیهانییەکان دەکەین کە بەردەوام وریا بن لە ڕێگرتن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و وەستان دژی هەموو شێوە چەوساندنەوەیەکی نەتەوەیی.
گەلی کورد ناهەقی زۆری بەرامبەر کراوە، بەڵام خۆڕاگری و خەباتیان بۆ مافی چارەی خۆنووسین بەردەوامە لە ئیلهامدان بە بزووتنەوەکانی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا. ئێمە جەخت لەسەر مافی چارەی خۆنووسینیان دەکەینەوە، لەگەڵ مافی هەموو گەلە چەوساوەکانی تر کە داوای دادپەروەری دەکەن. ئەمڕۆ، ڕێز لە یادی ئەوانە دەگرین کە لەدەستچوون و دووپاتی پابەندبوونمان دەکەینەوە بۆ دادپەروەری، ڕاستی و ناسینی جینۆسایدی هەڵەبجە.
