ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣٠/١/٢٠٢٥ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، کۆمیتەی تەنفیزی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان بە ئامادەبوونی سالار مەحموود، لەگەڵ هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کۆبۆوە و تاوتوێی کارو چالاکیەکانی ڕێکخراو و چۆنیەتی کارکردن و خزمەتکردنی لاوان لە داهاتوودا کرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکە، هەڤاڵ هێرش نامیق سکرتێری ڕێکخراو، سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پشتگیری و هاوکاریەکانی بۆ ڕێکخراو و پاشان تیشکی خستەسەر کار و چالاکیەکانی ڕێکخراو لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، لە دەستبەکاربوونی ستافی نوێی سکرتاریەت و دووبارە ڕێکخستنەوەی هەیکەلی ئیداری و بنیاتنانەوەی پەیوەندیەکان و ئەنجامدانی چەندین چالاکی جۆراو جۆر لە لایەن سکرتاریەت و سەنتەرەکانی ڕێکخراوەوە.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، دڵخۆشی خۆی بەدووبارە ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان دەربڕی و ڕۆڵی لاوانی بەرزنرخاند لە بەشداری کارایان لە تیمەکانی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری کوردستان و ڕۆڵی باڵای لاوان لە نوێبوونەوە وپێگەیاندنی کادیری لاو بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پاشانیش هانی ڕێکخراوەکەی دا کە بە نوێبوونەوە و دانانی پەیڕەو و پڕۆگرامێکی سەردەمیانە هەوڵدەن بە فکرو ڕوئیای نوێ خزمەتی لاوان بکەن و هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکاریەکان بەرەوپێشەوەبچن لە ئەدای فکری و ڕێکخراوەیدا، لە کۆتایی قسەکانیشیدا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ڕێکخراو دەربڕی و بەڵێنی هەموو هاوکاری پشتیوانیەکی دا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا دەرگای گفتوگۆکرایەوە و ئەندامانی کۆمیتەی تەنفیزی گفتوگۆیەکی چڕوپڕیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئەنجامدا و تاوتوێی بارودۆخی لاوانکراو دیدو بۆچونەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد.



