ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری٥/٩/٢٠٢٤ لە سەنتەری ڕۆشەنبیری لە شاری کەرکوک، ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان، بەئامادەبوونی ئەندامانی سەکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چەندین گەنج و لاو، (دیداری ئازادی لاوان/کەرکوک) ی بەڕێوەبرد، تایبەت بەپرس و ئاریشەکانی لاوان و کاریگەری و هەژموویان لە کۆمەڵگادا.

سەرەتای دیدارەکە بەوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەستی پێکرد و ووتاری سکرتاریەتی ڕێکخراو لە لایەن لێپرسراوی سەنتەری کەرکوکی ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

دواتر بەرنامەی کاری دیدارەکە دەستی پێکرد و لەپانێلی یەکەمدا، لە لایەن هەردوو بەڕێزان(د.شیلان فتحی شریف) و (خاتوو سارا ستار شێخانی)، هەردوو تەوەری (چۆن لاوان بکەینە سەرکردەیەکی کاریگەر لەناو کۆمەڵگادا) و (لاوازی بەشداری لاوان لە پڕۆسەی سیاسی) تاوتوێکراو، گفتوگۆی گەرمی بەدوادا هات بە نیقاش و گفتووگۆی نێوان ئامادەبووان و پانێلیستەکان، چەندین خاڵی گرنگ لە هۆکار و چارەسەر خرانەڕوو.

پاشان لە پانێلی دووەمدا، هەردوو تەوەری (کاریگەری مادەی هۆشبەر لەسەر لاوان) و (هۆشیارکردنەوەی لاوان لە ئالودەبوون و خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا) تاوتوێکران لە لایەن بەڕێزان (د. نشوان ناظم حسن) و (م. سامان صلاح لطیف)، بەوردی زۆرینەی لایەنەکانی ئەم تەوەرانەی سەرەوە شیکرانەوە و هۆکار و چارەسەری خرانەڕوو، دواتریش بە گفتوگۆی ئامادەبووان بابەتەکان زیاتر قسەیان لەسەرکراو وەڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووان درایەوە.

لەکۆتای دیدارەکەشدا قەڵغانی ڕێکخراو و چەپکەگوڵی سوپاسگوزاری، پێشکەش بە پانێلیستەکان کراو، کۆتایی بەکارەکانی دیدارەکە هێنرا.

Categories: هەواڵ