ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان دووەمین (دیداری ئازادی لاوانی) لە شاری هەڵەبجە ڕێکخست لە چوارچێوەی دیدارەکانی ئازادی لاوان لە هەر پێنج شاری دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک، هەولێر و سلێمانیدا، کە ئەمڕۆ ڕۆژی شەممە بەرواری ٣١/٨/٢٠٢ دیداری ئازدای لاوان لەشاری هەڵەبجە، بەسەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
دیدارەکە بەوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی بەکارەکانی کرد و پاشان لەپانێلی یەکەمدا و لە دووتوێی دوو تەوەردا، هەردوو بابەتی هۆکارەکانی کۆچی لاوان و گرنگی پڕۆژەی بچوک بۆ باشترکردنی ژیانی لاوان تاوتوێکران لەلایەن پانێلستەکانەوە.
سەرەتا دکتۆر (ئاکۆ محمد تۆفیق) لە تەوەری (هۆکارەکانی کۆچی گەنجان) بەوردی لە سەرباسەکە دواو هۆکارەکانی خستەڕوو چەندین خاڵی گرنگی دیاری کرد و شیکردنەوەی بۆ کرد، پاشان چارەسەرییەکانیشی باسکرد لەڕێگەی چەندین خاڵەوە، کە لەبەلاغی کۆتایی دیداردا دەخرێنەڕوو.
لەتەوەری دووەمی پانێلی یەکەم، بەڕێز (خاتوو تارا محمد) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی پارێزگای هەڵەبجە، لەبارەی (پڕۆژەی بچووک و کاریگەرییەکانی لەسەر باشترکردنی ژیانی لاوان) بەوردی قسەی کرد و سەرجەم ئاستەنگ و ڕێگری و هاندانەکانی بەردەم درووستکردنی پڕۆژەی بچوکی باسکرد و چەندین ڕێگا و ئاسانکاری حکومی و ڕێکخراوەیی خستەڕوو کە لەلایەن وەزارەتی کار و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە بۆ درووستکردنی پڕۆژەی بچووک کە خراونەتە ڕوو باسکرد و پلان و ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتیەکانی تایبەت بەکار و لاوانی خستەڕوو.
لە پانێلی دووەمدا کە تایبەت کرابوو بە ئەولەویەت لە ژیانی لاوان و کاریگەری ماددەی هۆشبەر لەسەر لاوان، هەردوو بەڕێزان (مامۆستا فەرهاد ئەحمەد) خوێندکاری دکتۆرا و (د. ئارام ئەسعەد) بەوردی قسەیان لەسەر تەوەرەکان کرد.
سەرەتا (م. فەرهاد ئەحمەد) لەبارەی (ئەولەویەت لە ژیانی لاواندا) چەندین بابەتی گرنگی باسکرد و زۆر هۆکار بۆگۆڕین و باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەی لاوان خستەڕوو، کە لاوان بە جێبەجێکردنیان دەتوانن ژیانێکی شایستەتر بژین و بگەن بە ئامانجەکانیان.
لەدرێژەی پانێلی دووەمدا (د. ئارام اسعد) لە تەوەری دووەم بەوردی باسی لە (کاریگەرییەکانی ماددەی هۆشبەر کرد لەسەر توێژی لاوان و کۆمەڵگادا)، کە پوختەی توێژینەوەیەکی دکتۆرابوو، سەرجەم هۆکارەکانی بڵاو بوونەوە و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لەبڵاو بوونەوەی باسکرد، بە پشتبەستن بەچەندین داتای ورد.
لەکۆتایی هەر پانێلێکیشدا ئامادەبووان بە پرسیار و پێشنیار ڕەخنەو تێبینیەکانیان، گەرمووگوڕی زیاتریان بە دیدارەکەبەخشی و گفتوگۆی ڕژد و جێی سەرنج درووستبوو.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ڕێکخراو بە پانێلستەکان بەخشرا و هیوای هاوکاری زیاتر و هەماهەنگی زیاترمان بۆخواستن.











